سولی لایف
حاجی کاک ئەحمەدی شێخ، زانای ئایینی ئیسلامیی نێوداری کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی نێوان موسڵمان و مەسیحییەکان لە سلێمانی، کچێکی کریستییان بۆ کوڕێکی دەهێنێت و نەوەکەشی ناودەنێت عیسا.
سەید عیسا، کوڕەزای حاجی کاک ئەحمەدی شێخ بووە و مردووە، ئێستا گۆڕەکەی لە مزگەوتی گەورەی سلێمانییە. لە کاتی خۆیدا، بەیەکگەیشتنی دایک و باوکی سەید عیسا کۆتایی بە ناکۆکی چەندین ساڵەی نێوان مەسیحی و موسڵمانەکانی شاری سلێمانی هێناوە.
ئەگەرچی کاک ئەحمەدی شێخ، زانایەکی ئایینی ئیسلام بووە، لەهەمانکاتدا کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی ناوچەکەش بوو، هەر بۆیە لەپێناو ئاشتەوایی شاری سلێمانی داوای ژنی لە مەسیحییەکانی شار کردووە بۆ شێخ محەممەدی کوڕی.
شێخ محەممەد شێخ سالار حەفید، نەوەی کاک ئەحمەدی شێخ، چیرۆکی هاوسەرگیرییەکەوە دەڵێت: "مەسیحییەکان و جووەکان، لە شاری سلێمانی کێشەیان دەبێت لەوەی خەڵک قسەیان پێدەڵێت و توانجییان لێدەدەن کە ئیسلام نین، ئەم شتە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، ئەوکاتەش کاک ئەحمەدی شێخ لە سلێمانی کەس لە قسەی دەرنەچووە، رێزیان لێگرتووە و هەرچیشی وتبێت جێبەجێیان کردووە، کاک ئەحمەدی شێخ لەوکاتەدا خەڵکەکە لە موسڵمان، مەسیحی و جووەکان کۆ دەکاتەوە، داوا لە مەسیحییەکان دەکات و دەڵێت، پێشنیازێکم هەیە ئەگەر ئێوە پێی رازیبن، دەمەوێت کچێکی مەسیحی داوابکەم بۆ کوڕەکەم، ئەوانیش زۆر خۆشحاڵ دەبن و هەرلەوێدا رازیدەبن و پێی دەڵێن، کامەت بەدڵە ئێمە رازین و کچێکی دەدەنێ".
سەید عیسا و کچە کریستیانەکە منداڵێکیان دەبێت، منداڵەکە کوڕ دەبێت، شێخە بچکۆلە دەیەوێت ناوی بنێت ئەحمەد بەناوی باوکییەوە، بەڵام کاک ئەحمەدی شێخ پێی دەڵێت کوڕم، تۆ چەند مافت هەیە بەسەر ئەو منداڵەوە کە ناوی بنێیت دایکیشی ئەوەندە مافی هەیە، لەبەر ئەوە رای دایکیشی وەربگرە، دایکیشی ئیزن لە کاک ئەحمەدی شێخ وەردەگرێت و دەڵێت دەتوانم من ناوی بنێم، دەمەوێت ناوی بنێم عیسا، کاک ئەحمەدی شێخ دەڵێت زۆر خۆشحاڵ دەبم ئەوەش ناوێکی گەورەیە و ناوی پێغەمبەر عیسایە و ئەوە لە ئێستاوە ناومان نا عیسا.
شێخ محەممەد شێخ سالار حەفید دەشڵێت: "بەداخەوە سەید عیسا لە تەمەنی 10 ساڵاندا کۆچی دوایی دەکات و شێخ ئەحمەدی شێخیش وەسێت دەکات کە لە هیچ شوێنێک نەنێژرێت و لە مزگەوتی گەورە بینێژن".
لە ئینجیلدا واهاتووە، خۆشەویستی ببەخشن تەنانەت بە دوژمنەکانیشتان، قەشە ئەیمەن دەڵێت، ئەگەرچی ئێمە لە شار و هەرێمێکین کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن، بەڵام هەست بە ئارامییەکی زۆر دەکەین، ئەو پێکهاتنەی لەنێوان مەسیحییەکانی شاری سلێمانی و موسڵمانەکاندا هەیە، بەرهەمی ئەو خزمایەتییەیە لە رابردوودا لەنێوان هەردوو ئایینەکە دروستبووە.
26 بینین