سولی لایف
سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاشكرای دەكات، تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ بەشێكی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە ڕووی شۆفێران دەكرێتەوە.
پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی پڕۆژەیەكی گرنگی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و بە تەواوبوونی قەرەباڵغیی شەقامەکانی سلێمانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە و کارئاسانیی زۆر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان دەكات.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند: شارەوانیی سلێمانی بە هاوكاریی بۆردی ئەندازیاری و تیمی سەرپەرشتیاریی سەرۆكایەتیی شارەوانی و كۆمپانیای سەرپەرشتیار، پلانێكی نوێی كاركردن بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەكاتی خۆیدا دانراوە.
بەپێی ڕاگەیێنراوی سەرۆكایەتیی شارەوانی سلێمانی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لە پردی تاسڵوجە تا یەكتربڕی لەگەڵ شەقامی قەرەداغ بە تەواوی بڕگەكانی ڕێگاكە و یەكتربڕەكانی تا كۆتایی ئەمساڵ بە ڕووی شۆفێران دەكرێتەوە.
پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی پێکهاتووە لە دروستکردنی ڕێگەیەکی خێرا بە پانیی 100 مەتر لە سنووری تاسڵووجەوە دەستپێدەکات، تاکو شەقامی عەربەت، بە درێژاییی 34 کیلۆمەتر، شەقامەکە لە جووتسایدی سەرەکی، بە پانیی 21 مەتر و جووتسایدی خزمەتگوزاری، بە پانیی 10 مەتر دروست دەکرێت.
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، حەوت یەکتربڕ، پێنج ئەندەرپاس، یەك ئۆڤەرپاس، 67 ئاوبارەی کۆنکرێتی و پردێك لەخۆ دەگرێت؛ ئەندازەیەکی مۆدێرنی هاتووچۆی بۆ ئەنجام دەدرێت.